Back

سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بانگھێشت دەکرێت بۆ قسەکردن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە بەریتانیا

دوابەدوای ناسین و ئاشنایی بوونیان بە توێژینەوە و دەست کەوت و چالاکیە ئەکادیمیە ئاست بەرزەکانی لە بواری مۆزەخانە و پاراستنی کەلەپووری، د.ڕۆژین کەمال محمدامین سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە و سەرۆکی گرووپی توێژینەوەی کەلەپوری کەلتوری دیجیتاڵی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەلایەن پرۆفیسۆر پۆڵ کۆلینز لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و پڕۆفیسۆر ئیلینۆر رۆبسۆن لە University College London (UCL) ی بەریتانی و بەڕێوەبەرانی تۆڕی نەھرەینی زانکۆی UCLبە فەرمی بانگھێشت کرا بۆ قسەکردن لەگەڵیاندا لە پانێڵەکەیان لە کۆنفرانسی بەناوبانگی نێودەوڵەتی ساڵانەی کۆمەڵگەی بەریتانی بۆ دیراساتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستBRISMES ٢٠١٨ . کۆنفرانسەکە بە گەورەترین کۆنفرانسی ئەوروپی دادەنرێت بۆ کۆکردنەوەی توێژەرانی دیراسات لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەمساڵ بە ھاوبەشی زانکۆی Kings College ی بەریتانی و کۆمەڵگەی بەریتانی بۆ دیراساتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست رێکخراوە و لە نێوان ٢٥-٢٨ ی حوزەیران لە زانکۆی Kings College ی بەریتانی لە لەندەن بە بەشداری زیاد لە ٥٥٠ بەشداربوو وە ١٠٠ پانێڵ بەڕێوە چوو. لە سیمینارەکەی دا، د. ڕۆژین باسی لە بارودۆخ و فرسەت و ئاستەنگەکانی مۆزەخانەکانی ھەرێمی کوردستان و مۆزەخانەکانی تری عێراقی کرد و دواتر لەگەڵ قسەکەرەکان تری پانێڵەکەدا وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە. ناوەڕۆکی سیمینارەکەی د. ڕۆژین بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان بە جۆرێک کە پرۆفیسۆر ئیلینۆر لە زنجیرە تویتێکدا لە تویتەر ئەکاونتی تۆڕی نەھرەین دا قسەکانی د. ڕۆژینی ڕاستەوخۆ دەگواستەوە. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن: https://twitter.com/NahreinNetwork/status/١٠١١٨٩٩٨٥٠٣٢٨٣٣٨٤٣٣ وە ڕاستەوخۆ دوای پانێڵەکە چەند ئامادەبوویەکی تر دەست خۆشیان لە مامۆستاکەی زانکۆی پۆلیتەکنیک کرد بۆ سیمینارە پڕ زانیاری یە بە سوودەکەی. ئەرکی دارایی سەفەر و مانەوە و تۆمارکردن بۆ کۆنفرانسەکەی مامۆستاکەی زانکۆی پۆلیتەکنیک لەلایەن تۆڕی نەھرەینەوە دابین کرا بوو. وە ھەر لە میانەی سەفەرەکەی دا، د. ڕۆژین کۆبوونەوەیەکی بۆ دانرا بوو لەگەڵ دوو پرۆفیسۆرە بەریتانیەکە کە تۆڕی نەھرەین و دەزگای بەریتانی بۆ دیراساتی عێراق و مۆزەخانەی ئەشمۆلیانی زانکۆی ئۆکسفۆرد بەڕێوە دەبەن بۆ قسەکردن لەسەر کار و پڕۆژە توێژینەوەکانی سەرپەرشتیارەکەی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆمان لەگەڵ تۆڕی نەھرەین دا لە داھاتوویەکی نزیک دا. وە لەبەر گرنگی و تازەگەرێتی پڕۆژە توێژینەوە پێشینەکانی د. ڕۆژین بۆ مۆزەخانەیەکی کەنەدی لە کاتی خوێندنی دکتۆراکەی دا و شارەزایەتی لە ھاوچەرخ کردنی مۆزەخانەدا، پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد داوای لە د. ڕۆژین کرد کە بە پێی بوونی کات ببێتە ئەندامی ئەو لیژنەیەی کە سەرپەرشتی دیزاین کردنەوەی یەکێک لە ھۆڵە نمایشەکانی مۆزەخانەی ئەشمۆلیانی زانکۆی ئۆکسفۆرد دیکات ئەوەش پاش ئەوەی کە پرۆفیسۆرەکە توانیویەتی فەندی پێویستی بۆ وەربگرێت. وەھەر لە میانەی گەشتەکەی دا بۆ بەریتانیا، د. ڕۆژین کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پرۆفیسۆر ڕۆجەر ماسیۆسی زانکۆی ڕێدینگ و تاوتوێکردنی چالاکی و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوانیان و دواتر چاویکەوت بە تەلارسازێکی کۆمپانیایەکی بەریتانی کە کار لەسەر بە دیجیتاڵکردنی مۆزەخانە و بینای کەلەپووری و شوێنەوار دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژەی ھاوبەش. وە لەسەر بانگھێشتی تۆڕی نەھرەین، د. ڕۆژین بەشداریشی کرد لە افتتاح کردنی یەکەمین پێشانگای کەلەپووری تەلارسازی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی کەلەپووری شاری بەغداد کە بە ھاوبەشی نێوان سەفارەتی عێراقی لە لەندەن و دەزگای کەلەپووری بەغداد و کۆمەڵگەی ئەلکینەدی ئەندازیارانی عێراق لە بەریتانیا ڕێکخرابوو. شایەنی باسە کە پەیوەندیە ئەکادیمیە نێودەوڵەتیەکانی د. ڕۆژین و سەنتەری توێژینەوەی زانکۆمان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی توێژینەوەی ھاوبەشی نێودەوڵەتی سەنتەری توێژینەوە لەگەڵ پرۆفیسۆر و توێژەرە خاوەن دەستکەوتەکانی زانکۆ بەناوبانگە جیھانیەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوون و پتەوبوون دایە و پڕۆژەی گەورەتر و چالاکی زیاتر بەم زووانە لەگەڵ ھاوبەشە نێودەوڵەتیەکانی سەنتەری توێژینەوەدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile