سیمیناری سەركردایەتی كاریگەر لە خوێندنی باڵادا بەڕێوەچوو
هۆبەی پلاندانانی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سیمینارێكی لەژێر ناونیشانی ( سەركردایەتی كاریگەر لە خوێندنی باڵا) بۆ مامۆستا ئاودێر محەمەد ئەحمەد رێكخست.
سیمینارەكە لە كاتژمێر ۱٠ی بەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٧ی حوزەیرانی ۲٠۱۸ لە سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی دەستیپێكرد، كە بەشێك لە توێژەرانی سەنتەری توێژینەوە و ژمارەیەك توێژەر و مامۆستایانی سەر بە زانكۆ و دەرەوەی زانكۆمان بەشداربوون، دوابەدوای پێناسەكردنی سەركردە و بەڕێوەبەر و خستنەڕووی جیاوازییەكانیان، مامۆستا ئاودێر محەمەد ئەحمەد باسی لە مۆدێلە جیاوازەكانی سەركردایەتی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە سەركەوتنی هەر ڕێبەرێك دەكرێت بە ڕادەی كاریگەرییەكەی لەسەر چواردەورەكەی و ئەندامانی تیمەكەی بپێورێت.
لە بەشێكی تری سیمینارەكەیدا مامۆستا ئاودێر باسی لەو گرفت و ئاستەنگە كەلتوری و كۆمەڵایەتی و ئابورییانە كرد كە بۆ ڕێبەرەكان لە خوێندنی باڵا و تیمەكانیان دێنەپێش و دەبنە هۆی ڕیگرتن لە پێكانی ئامانجە دانراوەكانیان، پاشان م. ئاودێر ئەو لێهاتوییانەی خستەڕوو كە دەبێت لە ڕێبەری كاریگەر و سەركەوتوودا بوونی هەبێت.
بەمەبەستی زیاتر دەوڵەمەندكردنی سیمینارەكە ١٥ خولەك بۆ پرسیار و سەرنجی ئامادەبووان تەرخانكرا و چەندین پرسیار و ڕاو سەرنج خرانەڕوو.