قۆناغێكی دیكەی پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی زانكۆكان بڕیاری لێدرا
بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبۆوە و قۆناغێكی دیكەی فراوانكردنی پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی وەزارەت و زانكۆكانی كوردستان بڕیاری لێدرا و چەند بڕیارێكی گرنگی دیكەش لەبارەی خوێندی باڵاوە پەسەندكران.
لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا كە رۆژی سێشەممە 2018/6/26 بەڕێوەچوو، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: سەرەڕایی قەیرانی دارایی توانراوە چەندین پڕۆژەی زانستی گرنگ جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەش زانكۆكانی راسپارد لە نزیكترین كاتدا وردەكاری داهات و چۆنیەتی خەرجكردنیان ئامادە بكەن و، بۆ وەزارەت بەرزی بكەنەوە.
سەبارەت بە بەئەلیكترۆنیكردنی كاروباری زانكۆكان د.یوسف گۆران رایگەیاند: قۆناغی دووەمی بەئەلكیترۆنیكردنی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، دوای دیوانی وەزارەت بریتییە لە چۆنیەتی بەستنەوەی سیستمەكە بە زانكۆكان، چونكە ئەوەی دیوانی وەزارەت دەبێتە سێنتەرێك و، بۆ زانكۆكان بڵاوی دەكەینەوە، لەو چوارچێوەیەشدا د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی رایگەیاند: كاروبارەكانی شەش بەشی سەرەكی و لاوەكی لە دیوانی وەزارەت بەئەلكیترۆنی كراوە، ئەوانیش بریتین لە (یەكسانكردنی بڕوانامەكان، سەرچاوە مرۆییەكان، ژمێریاری، بەڕێوەبەردنی نوسراوەكان، سیستمی وەرگرتنی خوێندنكاران و، سیستمی بەڕێوەبردنی سكۆلەرشیپ)، وتیشی: هاوڵاتی پێویست ناكات بێتە وەزارەت بۆ پێشكەشكردنی مامەڵەكەی، بەهەمان شێوە سیتسمەكانی دیكەش كاری لەسەر كراوە و، بەشێكیشیان لە ئەبدەیت و كاركردندان و، هەموو كەسێك ئێستا دەتوانێت بەدواداچون بۆ نوسراوەكانی بكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ڕایگەیاند: وەزارەتەكەمان ئێستا ئامادەیە ئەم سیستمە بدات بە زانكۆكان بەتایبەت سیستەمەكانی (HR، ژمێریاری، خوێندكاران و نوسراوەكان)، بۆیە ئەگەر ئەم سیستمە لە زانكۆكان جێبەجێ بكەین دەتوانین خزمەتێكی زۆر باشتر بە پرۆسەی خوێندن بكەین و، ئاسانكاری بۆ بەڕێوەبردنی ئەركەكان بكەین، بۆ ئەوەش داوای لە زانكۆكان كرد ئەدمینێكی سەرەكیان بۆ دابنین بكرێ، لەهەمان كاتدا ستافێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە زانكۆكان دابنرێت و، دەسەڵاتیشیان پێ بدرێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە. لە ئەنجامدا ئەنجومەنی وەزارەت پشتگیری خۆی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە زانكۆكان وەك هەنگاوی دوەمی بەئەلكیترۆنی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دوپاتكردەوە.
سەبارەت بە سیستمی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكاندا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە:
1. پێكهێنانی لێژنەیەكی هەمیشەیی بۆ دانانی سیستمەێك بۆ تاقیكردنەوەكانی سیستمی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی نیشتیمانی و دیاریكردنی ڕێژەی نمرەی تاقیكردنەوەكان.
2. جێبەجێكردنی سیستمی كریدیت بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) سەبارەت بەسیستمی ڕاستەوخۆ.
3. بۆ خوێندنی ئێواران، بەهیچ شێوەیەك چیتر خوێندكار لە بەشە زانستیەكان لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتیەكان وەرناگیرێت و دادەخرێن، هەروەك لێژنەیەك بۆ بەشەكانی زانستە مرۆڤایەتیەكان لە زانكۆ حكومی و تایبەتیەكان و پەیمانگە تایبەتەكان پێكدێ، بەشێوەیەك ڕێژەی وەرگرتن لە ئێواران كەم بكاتەوە، لە بری ئەوە خوێندنی پارالێل زیاد بكرێ و، لەمانگی (٧)لێژنەكە وردەكارییەكانی ئەو بڕیار و ڕێنماییانە دەردەكەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، د.یوسف گۆران سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت باسی لە گۆڕانكاری ڕێنماییەكانی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ماستەر و دكتۆرا كرد، بۆ ئەوەش وتی: پێویستە لە گۆڕانكارییەكاندا ڕەچاوی كواڵیتی خوێندن و شێوەی وەرگرتن بكرێ، هەروەك ئاماژە بەشێوازی خوێندكارانی نێودەوڵەتیش بكرێ، بۆ ئەوەش ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری پێكهێنانی لێژنەیەكی پەسند كرد.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاسپاردەكانی كۆنفراسی (پەرەپێدانی سێنتەرەكانی جێندەرناسی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان) پەسندكرد، كە لە ڕێكەوتی (8/3/2018) بە ئامادەبون و چاودێری (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، هەروەك پێداچوونەوە بە پرۆگرامی سێنتەرەكانی گەشەپێدان بۆ كار لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان-یش پەسند كرا.