پێداچوونەوە بە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی توركیا و ئێران دەكرێت
بەمەبەستی ڕەچاوكردنی كواڵێت و بنەما و پێوەری زانستی و خوێندن و دەستەبەركردنی پێوەرە جیهانییەكان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم پێداچوونەوە بە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی وڵاتانی توركیا و ئێران دەكات.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: وەزارەتەكەمان بەپێی ستاندار و پێوەر جیهانییەكان و ڕیزبەندییە جیهانییەكانی زانكۆكان، لەماوەیەكی نزیكدا دەست دەكات بە پرۆسەی پێداچوونەوە بە لیستی زانكۆكانی وڵاتانی (توركیا و ئێران) لە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بەتایبەت بۆ ئەو خوێندكارانەی دەیانەوێت لەو دوو وڵاتە درێژە بە خوێندن بدەن، وتیشی: بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت دوای ئەنجامدانی پرۆسەی پێداچوونەوە بە لیستی نوێی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی ئەو دوو وڵاتە، لیستی زانكۆ پەسەندكراوەكانی توركیا و ئێران بڵاودەكاتەوە.
وتەبێژەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: ئامانج لە پێداچوونەوە بە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی توركیا و ئێران ڕەچاوكردنی كواڵێت و بنەما و پێوەری زانستی و خوێندن و دەستەبەركردنی پێوەرە جیهانییەكانە لەو زانكۆیانەی كە لەسەر ئاستی دونیا لەپێشەوەن، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزركردنەوەی ئاستی زانستی خوێندكاران، كە بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن لە دەرەوەی وڵات سەردانی زانكۆكانی ئەم دوو وڵاتە دەكەن و گەشە بە پسپۆڕییەكانیان دەدەن.