گەورەترین ڤێستیڤاڵی زانستی و تەکنەلۆجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە بەهەماهەنگی لەگەڵ پلاتڤۆڕمی(ئین سلێمانی)، لەکەمپی کۆلێجە تەکنیکیەکانی چواچرا، بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتی و لێپرسراوانی حکومی و حیزبی و ئەکادیمی و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و میوانانی ئامادەبوو لە ڕێکەوتی (١٢/٣/٢٠٢٣) بەڕێوەچوو.
ئەم ڤێستیڤاڵە بە بەشداری خوێندکارانی کۆلێج و پەیمانگەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەنجامدرا، هەر کۆلێج و پەیمانگەیەک بەچەند پڕۆژەیەک بەشداربوون، کۆی پڕۆژە زانستی و تەکنەلۆجیە بەشداربووەکان بریتی بوو لە (١٥٠) پڕۆژەی جیاواز، سەرەڕای چەندین پڕۆژەی (هونەری و کلتوری و دەست ڕەنگێنی و پێشانگەی کتێب).
لە ڤێستیڤاڵەکەدا لیژنەیەکی پسپۆر کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک مامۆستا و ئەکادیمیستی پسپۆڕی زانکۆکانی (سلێمانی، کۆیە، چەرموو، قەیوانی نێودەوڵەتی)، هەڵسەنگاندنی مەیدانی پرۆژەکانیان دەکرد، ناو و داهێنانەکانی خوێندکارانیان تۆماردەکرد و دواتر پاش زیاتر لە(٣) کاتژمێر بەکۆی دەنگی ئەندامانی لێژنە (١٢) خویندکار لە کۆلێج و پەیمانگە بەشداربووەکان، پلەی (یەکەم و دووەم و سێیەمی) سەر ئاستی فێستیڤاڵەکەیان بەدەستهێنا لە بوارەکانی (تەندروستی و پزیشکی، ئەندازیاری و تەکنەلۆجی، ئایتی و کۆمپیوتەر،کشتوکاڵی).